سوودانی: گەندەڵی بەڵایە و دڤێت بەرەنگارى ببین
ئاڤا نیوز
سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، گەندەڵی وەک “بەڵایەک” بۆسەر دامەزراوەکانی دەوڵەت دەبینێت و بە پێویستی دەزانێت، هاوشێوەی تیرۆر بەرەنگاری گەندەڵی ببنەوە.
بۆچی گرنگە: بەپێی ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، عێراق یەکێکە لە پڕ گەندەڵترین وڵات لە جیهاندا، لە دوای ساڵی 2003ـەوە گەندەڵی لەو وڵاتە بووەتە دیاردە و سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەتی گرتووەتەوە.
وێنە گەورەکە: پێنجشەممە 6-6-2024 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق یەکەمین کۆڕبەندی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی کردەوە کە بە هاوکاری دەستەی دەستپاکی و دەستەی باڵا بۆ هەماهەنگی نێوان پارێزگاکان ڕێکخرا بوو.
گوتاری فەرمی: بە گوێرەی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە میانی کۆڕبەندەکە سوودانی ڕایگەیاندووە: بەڵای گەندەڵی جیاوازی لەگەڵ تیرۆر نییە لە بەرەنگاربوونەوەدا، تیرۆر چیتر هەڕەشەیەک نییە بۆ سەر دەوڵەت، بەڵام گەندەڵیی درز لە لەنێو کاری دامەزراوەکانی دەوڵەتدا پێکدەهێنێت.
چارەسەرەکان: بە بڕوای سوودانی، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی مەحاڵ نییە، بە گرتنەبەری هەنگاوی کردەیی لەسەر بنەمای یاسا و کەرەستەی سەرکەوتوو و ئەزموونی بڕیاردان دەتوانرێت بەرەنگاریی گەندەڵی بکرێتەوە.
زیانە سەرەکییەکان: پەکخستنی کاروبارەکان جۆرێکە لە گەندەڵی و بەفیڕۆدانی پارە، زۆر پڕۆژەش هەن بە بیانووی وردبینی ڕادەگیرێن؛ هاووڵاتییان لە سەرتاسەری عێراق چاوەڕوانی زۆر شتمان لێدەکەن، نابێت هیچ دەرفەتێک لە دەست بدەین.