كوردستان 24
سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: هێشتا کێشە لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە بەڵام نییەتێک بۆ چارەکردنی ئەو کێشانە هەیە، هەروەها پشکی هەرێم لە بوودجەدا دادپەروەرانە نییە.
سەرۆک مەسعود بارزانی چاوپێکەوتنێکی تایبەتی لەگەڵ کەناڵی “سکای نیوس عەرەبی” ئەنجامدا و تێیدا باسی لە دۆخی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە کرد.
سەرۆک بارزانی باسی لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: پارتی بۆ پێکهێنانی حکوومەت ڤیتۆی لەسەر هیچ لایەنێک نییە، هەروەها بۆ پێکهێنانی حکوومەت پشت بە بەرکەوتەی هەڵبژاردن دەبەسترێت. هاوکات باسی لەوە کرد، پێویستە یەک حکوومەت و یەک هەرێم هەبێت.
سەرۆک بارزانی، لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، دەڵێت: پەلکێشکردنی عێراق بۆ ناو شەڕی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرژەوەندیی وڵاتەکەدا نییە و زیانی پێ دەگات، بۆیە داوا لە هەموو لایەک دەکەم ئاشتی هەڵبژێرن.
باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد و ئاماژەی بەوە دا، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر بەغدا لە ئاستێکی باش دان، بەڵام هێشتا لەسەر هەندێک پرس کێشە لە نێوانیان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا نییەتێک بۆ چارەکردنی ئەو کێشانە هەیە. جەختی لەوەش کردەوە، پشکی هەرێم لە بوودجەدا دادپەروەرانە نییە.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: لە بهرژهوهندیی كورد نییه پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران و تورکیا ئاڵۆز بێت، پەیوەندیەکانمان لەگەڵ هەردوولا ئاساییین، بەڵام ڕێگە نادەین هیچ کەسێک دەستوەردان لە کاروباری ئێمەدا بکات.
سەرۆک بارزانی، لەبارەی هێزەکانی هاوپەیمانان و ڕێکخراوی داعش، گوتی: داعش هێشتا مەترسییەکی جددی دروست دەکات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی “کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بەبێ پڕچهككردنی سوپای عێراق کێشەیە، چونکە عێراق لە هێزی ئاسمانی ڕووبەڕووی لاوازییەکی ڕاستەقینە دەبێتەوە.