مەحموود ئێزدی: حکوومەتێ بهرسڤهكا باش بۆ داخوازيێن مە ھەیە
نەینەوا-KDP.info-
یاریدەدەری یەکەمی بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نەینەوا رایگەیاند، بەوپێیەی ئەو ناوچانەی دەکەونە سنووری مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە مووسڵ، بەشێکیان سەر بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانن و بەشێکی دیکەش سەر بە پارێزگای مووسڵن، بۆیە ئێمە بۆ ھەموو ناوچەکان بووینەتە پردێک لە نێوان خەڵک و حکوومەت و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش خزمەتێکی باشی ئەو ناوچانەی کردووە.
مەحموود ئێزدی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: “کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان درێغی نەکردووە لە خزمەتکردنی ئەو ناوچانەی دەکەونە سنووری مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ، لە دەڤەری شێخان و مەخموور و شنگال، بۆیە ئەوەی دەستی حکوومەتی پێ بگات پڕۆژەیان بۆ ئەنجام دەدرێت و خزمەتگوزارییان پێشکەش دەکرێت، ئینجا چ داواکاری لەلایەن ئیدارە یاخود ئێمە وەکو حیزب بەرز کرابێتەوە، بۆیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەپێی توانا خزمەتی ھەموو ناوچەکانی کردووە لە شێخان و مەخموور و شنگال و ناوچەکانی دیکەش، هەر لە دروستکردنی ھۆڵ و رێگاوبان و ناو کەمپەکانیش پڕۆژەیان بۆ ئەنجام دراوە”.
ئێزدی گوتیشی: “ئێمە وەکو حیزب رۆڵێکی سەرەکیمان ھەبووە بە ھەماھەنگی لەگەڵ لقەکانی خۆمان و داواکاریی خەڵک بە حکوومەت دەگەیەنین، ئەوانیش وەڵامی باشیان بۆ داواکاریی ئێمە ھەیە بەپێی توانای حکوومەت، لە پلان و بەرنامەشدا ھەیە پڕۆژەی زیاتر لە سنووری مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە مووسڵ ئەنجام بدرێن، بۆیە ئێمە بووینەتە پردێکی باش لە نێوان ھاووڵاتی و حکوومەت و بەردەوامیش لەگەڵ حکوومەت لەسەر هێڵین”.
ناوبراو ئاماژەشی دا: “جگە لەوە، ئێمە وەکو مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ، ئەو ناوچانەی دەکەونە ئیدارەی پارێزگای مووسڵ ئێمە لەوێش کاری زۆر باشمان کردووە و بەردەوام خۆمان و رێکخستنەکانمان لەناو خەڵکداین و لە رێگەی نوێنەرانی خۆمان لە ئیدارە و ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ داواکاریی خەڵک دەگەیەنین، بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکرێت و پڕۆژەی زۆریش ئەنجام دراون و کاریان لەسەر کراوە، چونکە ئێمە ھەر داواکارییەکی خەڵک بگەیەنین، چاودێریی دەکەین تاوەکو جێبەجێ دەکرێت، بۆیە ئێمە وەکو پارتی ھەمیشە خۆمان بە خزمەتکاری خەڵک دەزانین و خزمەتیان دەکەین و داکۆکی لە مافەکانیان دەکەین، چونکە ئێمە نوێنەری خەڵکی خۆمانین و پێویستە خۆمان بە خاوەنی خەڵکیش بزانین و بەردەوام لەناویانداین، بۆ ئەوەی بزانین داواکاری و پێداویستییان چییە، بۆ ئەوەی بیگەیەنین و خزمەتیان بکرێت، تارادەیەکی باشیش خزمەتی خەڵکی خۆمان کردووە و بەردەوامیش دەبین”.