سەما تیڤی

شپیگل: ئەڵمانیا ئەفغانیێن مەترسیدار دێ هنێرته‌ وه‌لاتێ وان  

شپیگل: ئەڵمانیا ئەفغانیێن مەترسیدار دێ هنێرته‌ وه‌لاتێ وان
کوردستان24
دێر شپیگل بڵاوی کردەوە، حکوومەتی ڕاوێژکار شۆڵتس لەگەڵ ئۆزبەکستان گفتوگۆ لەبارەی ڕێککەوتنی کۆچ دەکات، بۆ وەدەرنانی ئەفغانییە مەترسیدارەکان کە داوای پەنابەرییان لە ئەڵمانیا ڕەت کراوەتەو، ئەوەش بۆ ڕێگریکردن لە هەر مامەڵەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تاڵیبان.

ئەمڕۆ 16ـی حوزەیرانی 2024، گۆڤاری دێر شپیگلی ئەڵمانی بڵاوی کردووەتەوە کە، حکوومەتی ئەڵمانیا لەبارەی ڕێککەوتنی کۆچ گفتوگۆ لەگەڵ ئۆزبەکستان دەکات، ئەو گفتوگۆیە دەرفەتێک دەداتە ئەڵمانیا ئەو ئەفغانییانە لە وڵەتەکەی دەربکات، لەبەر ئەوەی بەرلین ناچار نییە هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ تاڵیبان بکات.

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵتس بەڵێنیدا هەڵوێستی زۆر توند بەرامبەر پەنابەران وەربگرێت، بەتایبەتیش بەرامبەر ئەو ئەفغانی و سووریانەی کە تاوانبارن، ئەو هەڵوێستەی شۆڵتس دوای سەرکەوتنی ڕاستڕەوەکان دێت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا.

دێر شپیگل بڵاوی کردووەتەوە کە، شاندێکی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا هەفتەی کۆتایی مانگی ئایار چوونەتە تەشقەند بێ ئەوەی هیچ زانیارییەکی دیکەی بڵاو کردبێتەوە، تەنها ئەوەندە نەبێت کە لایەنی ئۆزبەکستانی ڕازی بووە بەوەی پێشوازیی لە ژمارەیەکی دیاریکراو لەو کۆچبەرە ئەفغانییانە بکات کە داوای پەنابەرییان لە ئەڵمانیا ڕەت کراوەتەوە، هەر دوای ئەوەش بیانگوازێتەوە ئەفغانستان لەڕێگەی هێلێکی ئاسمانیی کە گەشت بۆ ئەفغانستان دەکات.

دێر شپیگل ئاشکرای کردووە، ئەگەری هەیە حکوومەتی ئۆزبەکی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پەنابەرە ئەفغانییانە هاوکاریی بکرێت، داواش دەکات ڕێککەوتنی کۆچی یاسایی لەگەڵ ئەلمانیا ئیمزا بکات، بەر لەوەی بگەنە ڕێککەوتن لەبارەی ناردنەوەی کۆچبەرە ئەفغانییەکان، داواش دەکات کرێکارە بە تواناکانی ئۆزبەکستان بۆ کارکردن لە ئەڵمانیا ڕێگەیان پێ بدرێت.

لەو چوارچێوەیەشدا، دێر شپیگل دەڵێت، نوێنەری تایبەتی حکوومەتی ئەڵمانیا بۆ ڕێککەوتنەکانی کۆچ، هەفتەی داهاتوو دەچێتە ئۆزبەکستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمی ناردنەوەی پەنابەرە ئەفغانییەکان.

><