چاوان وێنە و ڤیدیۆيان ل تۆڕێن جڤاكى دێ ڕهش كهى؟
باسنيوز:
بابەتی قۆڵبڕینی ئەلكترۆنی و هەڕەشەی چاوپێشۆڕكردن ئەگەر پارە نەدەن، بووەتە بابەتێکی جیهانی و ساڵانێکی زۆرە گرفتی گەورەی لەسەر ئاستی جیهان بۆ تاكەكەس و خێزانەكان دروست کردووە. كەسانێك بە هەڕەشەكردن لە قوربانییەكە كە ئەگەر پارە نەدات ڤیدیۆ و وێنەی ئابڕووبەری بڵاو دەكەنەوە، یان زۆر لەو ڤیدیۆ و وێنە ئابڕووبەرانەش كە بڵاو دەكرێنەوە، قوربانییەكە هەر ئاگاداری نییە، كە رەنگە بەهۆی دانانی كامێرای نهێنییەوە بێت، یان بەهۆی هاككردنی ئامێرە ئەلكترۆنییەكان، جاری واش هەیە مۆبایلی كەسێك تەنیا بەو ئامانجە دزراوە، بەڵام ئێستا تەكنیكێك پویدا بووە كە دەتوانرێت لە ماڵپەڕێكەوە هەموو ئەو وێنە و ڤیدیۆیانە، كە كەسێك نایەوێ لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا هەبن، بسڕدرێنەوە.
رۆژانە گوێبیستی چیرۆكی بڵاوبوونەوەی وێنە و ڤیدیۆی ئابڕووبەرانەی ئافرەتان و پیاوان دەبین لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، یان باس لە هەڕەشەی گرووپێك، یان كەسانێك دەكرێ لە ئافرەتان كە وێنە و ڤیدیۆ نەشیاوەكانیان بڵاو دەكەنەوە، پارساڵ ژمارەیەك گرووپی گەورەی ئەو كارە لە شاری هەولێر دەستگیر كران، كە هەڕەشەیان لە چەندین ئافرەت كردبوو، تەنانەت هەندێ لەو ئافرەتە قوربانییانە بە ناچاری لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە سووكایەتییان بە خۆیان دەكرد، تاوەكوو وێنە و ڤیدیۆكانیان بڵاو نەكرێتەوە، دواتر بە هەوڵی هێزەكانی پۆلیس، ئەو گرووپە هەڵوەشێنرایەوە و ژمارەیەكیان و سەرپەرشتیاری پەیجەكانیشیان دەستگیر كران.
لە مانگی ئەیلوولی پارساڵ، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر، لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد، تۆمەتبارێكیان دەستگیر كردووە، هەڕەشەی لە ژنان کردووە و زیاتر لە 180 ڤیدیۆی ئافرەتانی لا بووە و داوای پارەی کردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەشی روون كردبووەوە، لەسەر سکاڵای ژنێک کەسێکیان دەستگیر کردووە کە سەرپەرشتیی گرووپەکانی تێلیگرامی کردووە و هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی ئەو ئافرەتەی کردووە.
ئاماژە بەوەش کرابوو: “ئەو کەسەی دەستگیر کراوە، سەرپەرشتیاری گرووپی پەیجەکانی (گۆڤەند سی تی ئێس)ی کردووە و زیاتر لە 180 ڤیدیۆی ئافرەتانی لا بووە و لە بەرامبەر بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکان، داوای پارەی لەو ئافرەتانە کردووە.“
ئەو چیرۆكانە لە كۆمەڵگاكاندا، بەتایبەتی كۆمەڵگا نەریتپارێزەكاندا زۆرە، چونكە باندە ئەلكترۆنییەكان دەزانن كەسانی ئەو كۆمەڵگایانە بەهۆی ئەوەوە دەكەونە دۆخێكی زۆر شەرمەزاركەری كۆمەڵایەتییەوە، یان رەنگە لەلایەن باوك و برایانەوە بكوژرێن.
ساڵح رەحمان، توێژەری كۆمەڵایەتی، لەمبارەیەوە دەڵێت: ”هۆشیاریی كۆمەڵایەتی و بەكارهێنانی ئامێرە ئەلكترۆنییەكان زۆر گرنكە، چونكە ئەو باندانە بە چەندین رێگا خۆیان لە قوربانییەكان نزیك دەكەنەوە، رەنگە رێگا هەرە خراپەكەیان ئەوە بێت، بە ناوی خۆشەویستییەوە، قوربانییەكە فریو بدەن و وێنە و ڤیدیۆی ئابڕووبەری لێ وەربگرن، دواتر هەر بەو وێنە و ڤیدیۆیانەی خۆی هەڕەشەی لێ بكەن.“
ئەو توێژە ئاماژەی بەوەش دا، ئێستا ئەو گرووپە مافیایانە پڕی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بوون، بەداخەوە ئێستا كەسانێك لە كۆمەڵگای خۆیشمان ئەو كارە دەكەن و دەمێك نییە گرووپێكی گەورە ئاشكرا بوو، كە هەڕەشەیان لە ئافرەتان دەكرد.
بەڵام، عەلی جاف، شارەزا لە ئای تی، بۆ (باسنیوز) رایگەیاند، ماڵپەڕی StopNCII.org لەلایەن دامەزراوەی Revenge Porn Helpline Foundation بەڕێوە دەبرێت، کە بەشێکە لە SWGfL، کە ڕێکخراوێکی خێرخوازی نێودەوڵەتییە و پێیوایە پێویستە هەموو کەسێک سوود لە تەکنەلۆژیا وەربگرێت، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکیان پێ بگات.
ڕێکخراوی SWGfL، کە لە ساڵی 2000 دامەزراوە، لەگەڵ ژمارەیەک هاوبەش و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە سەرانسەری جیهان، کار دەکات بۆ پاراستنی هەموو مرۆڤەکان بە شێوەی ئۆنلاین.
عەلی جاف، ڤیدیۆیەكی تایبەتی بە (باسنیوز) ئامادە كردووە و روونی دەكاتەوە، كە چۆن بتوانرێت هەر ڤیدیۆ و وێنەیەكت بوێت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بیسڕیتەوە، یان رێگریی بكەی لە بڵاوكردنەوەی.