چیرۆکا سهركهفتنا كچا ڕزگاربوويا ئێزدى “شرین خێرۆ”
K24 – هەولێر:
کچە ئێزدییەک لە ڕێوڕەسمی ئاهەنگی شەشەمین خولی دەرچوونی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک، لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە خەڵاتکرا و سەرۆکی هەرێمیش لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە چیرۆکی سەرکەوتنەکەی کرا.
شیرین خێرۆ خدێدە، لە ساڵی 2014 لەلایەن داعشەوە خۆی و 10 کەس لە کەسوکارەکەی دەستبەسەر دەکرێن، ئەوسا شیرین لە کۆتا ساڵی خوێندنی ئامادەیی بوو، لە چاوەڕوانی تاقیکردنەوەکان بوو تاوەکوو بگاتە قۆناغی زانکۆ و خەونەکانی بەدیبهێنێت.
شیرین دەڵێت: “من خەڵکی گوندی حەردانم لە ناحیەی سنوونێ، خۆم و 10 کەس لە کەسوکارەکەم کەوتینە دەستی داعش، دوای ڕزگاربوونم لە دەستی داعش نەڕووخام و بۆ ژیان جەنگام، ئەمڕۆ یەکێکبووم لە دەرچووانی بەشی بزنس لە زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دھۆک”.
دوای ئەوەی لە شوباتی 2017، شیرین خێرۆ لە پارێزگای نەینەوا ڕزگاری دەبێت لە دەستی چەکدارانی داعش و دەگەڕێتەوە بۆ لای ئەو خزم و کەسوکارەی ماونەتەوە و دەست بە ژیانی ئاسایی خۆی دەکات و دوای ساڵێکیش، پەیوەندی بە زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک دەکات، کاتێک توانی بە سەرکەوتوویی بگەڕێتەوە بۆ خوێندن و قۆناغی ئامادەیی تەواوکرد.
ئازارەکانی شیرین کۆتاییان نەبوو، حەسرەتی لەدەستدانی ئازیزانی و چاوەڕوانی بۆ بیستنی هەواڵیان درێژەی هەبوو. وەک هەموو ئێزدییەکانی دیکەی ناوچەکە کە بەهۆی پەلامارەکانی داعشەوە بۆ سەر زێدی ڕەسەنیان، ژمارەیەک لە ئازیزانیان لەدەستدا و هەندێکیشیان تاوەکوو ئێستا بێ هەواڵن، سەرەڕای ئەوەش، لە زێدی خۆیان ئاوارەبوون و ماڵ و حاڵیشیان لەدەستدا.
لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، لە هەڵدانەوەی گۆڕێکی بە کۆمەڵدا لە شنگال، تەرمی باوکی شیرین دەدۆزرێتەوە و برینێکی دیکە بۆ خەمەکانی ئەو کچە ئێزدییە لە دوا ساڵی خوێندنەکەیدا نوێ دەبێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، شیرین هەر بەردەوام بوو و چۆکی دانەدا بۆ تەواوکردنی خوێندنەکەی.
شیرین دەڵێت: “لە پاڵ خوێندنەکەم لە زانکۆ، چالاکوانێکی مافی مرۆڤم و ھاوکاری ڕزگاربوانی دەستی داعش دەکەم و هیوادارم بتوانم ماستەر و دکتۆرا لە داهاتوودا بخوێنم”.
ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە (2ـی حوزەیرانی 2024) ڕێوڕەسمی شەشەمین خولی دەرچوونی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک بەڕێوەچوو. چیرۆکی سەرکەوتنی شیرین بووە کاریگەرترین و سەرنجڕاکێشترین باسی ئاهەنگەکە و هەمووان بە سەرسامی و شانازییەوە، لە هەوڵ و کۆششی بەردەوامی ئەو کچە ئێزدیەیان دەڕوانی.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد: “ئهوهى زياتريش لهم مهراسیمهدا ئێمه دڵخۆش دهكات و وادهكات ههموومان به ئومێدێكی زياترهوه له داهاتوو بڕوانين، نموونهى يهكێك لهو دهرچووانهيه كه ئهمڕۆ بڕوانامه لهم زانكۆيه پێشكهوتووه وهردهگرێت. ئهوه كچێكى زيرهك و لێهاتووى ئێزدييه. ڕزگاربووى دهستى داعشه. وێڕاى ههموو نههامهتييهكان، كۆڵى نهداوه و موكوڕ بووه كه ههر دهبێ زانكۆ تهواو بكات”.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتیشی: “بوێرى و خۆڕاگرى و بهردهواميى ئهو تا تهواوكردنى زانكۆ، چيرۆكى سهركهوتنه، ئيلهامبهخشه و چرايهكى هيوايه بۆ ههموو قوربانيانى ديكهى دهستى داعش له ههموو پێكهاتهكان. لێرهوه، به ناوى خۆم و به ناوى ههمووتانهوه به گهرمى پيرۆزبايى و دهستخۆشى لێدهكهم”.
هاوکات لەلایەن خۆیەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمەکەدا خەڵاتی “شەڕەفی خۆڕاگریی” پێشکەش بە شیرین خێرۆ کرد و گوتی: جێگەی شانازییە ئەمڕۆ ئەو کچە ئێزدییەی ڕزگاربووی دەستی داعش، یەکێکە لە دەرچووانی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد: “شیرین یەکێکە لەو ئافرەتانەی کە چەندین ساڵ لەلایەن چەکدارانی داعش دەست بەسەر کرابوو، ئەو ئەمڕۆ توانی قۆناغی خوێندنی زانکۆ بە سەرکەتوویی تەواو بکات، هەروەها توانی هیوا بۆ ئێزدییەکان بگەڕێنێتەوە”.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە (2ـی حوزەیرانی 2024) ئاهەنگی خولی شەشەمی دەرچووانی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک، بە ئامادەبوونی لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و پێش دەستپێکردنی ئاهەنگەکە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی وێنەی یادگاری لەگەڵ دەرچووانی ئەم خولەی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک و ستافی ئەکادیمی گرت و لە نزیکەوە پیرۆزبایی لێکردن.
لە شەشەمین خولی دەرچوونی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک، بڕوانامە بە 68 قوتابیی کۆلێژەکانی ئەندازیاری، کارسازی، زانست و هونەر و خوێندنە نێودەوڵەتییەکان درا کە زۆرینەی ئەو قوتابییانەی لەم خولەدا دەرچوون، کەسوکاری شەهیدانی شەڕی داعش و زیندانیانی سیاسین و کە ماوەی خوێندنیان لە زانکۆکە بێ بەرامبەر بوو.
زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک، لە ساڵی 2014 دامەزراوە و تاوەکوو ئێستا شەش خولی دەرچووانی بڕوانامەیان وەرگرتووە. زانکۆکە لە چوار کۆلێژ و 10 بەشی زانستی جیاواز پێکدێت، لەوانەش؛ بازرگانی کار، زانستی کۆمپیوتەر، دیزاینی ناوخۆ، سیاسەتی گشتی، میدیا و پەیوەندییەکان، پەرستاری و ئەندازیاری. ئەم زانکۆیە، لە لایەن هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، بڕوانامەکەی متمانە پێکراوە و یەکێکە لە زانکۆ ئاستبەرز و ناسراوەکانی عێراق و ناوچەکە.
زمانی خوێندن لە زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک ئینگلیزییە و بە سیستمی “هونەری ئازاد” قوتابییانی پەروەردە دەکات، کە بریتیە لە پێشکەشکردنی چەندین کۆرسی جۆراوجۆر لە زانستە مرۆڤایەتی و سرووشتییەکان بە قوتابی، پێش ئەوەی لە شارەزاییەکی دیاریکراودا دەست بەخوێندن بکات. ئەم جۆرە سیستمە لە ویلایهته یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە بڵاوی پەیڕەو دەکرێت.