خالد نهرمۆ:نووژهنكرنا پەرستگهها لالش دێ يا بهردهوام بت
شێخان -KDP.info-
سەرۆکی شارەوانی شێخان گوتی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەوەی لەماوەی ڕابردوو بە گوژمەی نزیکەی سێ ملیار دینار پڕۆژەی لە پەرستگای لالش ئەنجامداوە، بڕیاریدا نۆژەنکردنەوە و گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ پەرستگای لالش بەردەوام بێت.
خالد نەرمۆ، سەرۆکی شارەوانی شێخان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سەردانی پارێزگای دھۆک سەردانی پەرستگای لالشی کرد و لەگەڵ میری ئێزدیان و ئەنجوومەنی ڕۆحانی کۆبووەوە، میر و ئەنجوومەنی ڕۆحانی هەندێک داواکاریان ھەبوو، ئەویش قبوڵیکرد، بابەتی یەکەم سەبارەت بە گەڕانەوەی ئاوارەکان بوو، سەرۆکی حکوومەتیش گوتی: لەگەڵ ئەوەن ئاوارەکان بە کەرامەتەوە بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و خۆیشیان حوکم لەسەر خۆیان بکەن نەک کەسی دیکە، بابەتی دووەم سەبارەت بە نۆژەنکردنەوەی پەرستگای لالش بوو، بۆ نوژەنکردنەوەی پەرستگای لالشیش، سەرۆکی حکوومەت پارێزگار و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی ڕاسپارد ھەماھەنگی بۆ ئەو کارە بکەن، بۆ پرسی یادی جینۆسایدی شنگال کە ١٠ ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە، وەزیری ئەوقاف و پارێزگار ڕاسپێردراون هەماهەنگی ئەو یادکردنەوەیە بکەن.
تا ئێستا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەرەڕای قەیرانەکانیش نزیکەی سێ ملیار دیناری بۆ چوار پڕۆژەی پەرستگای لالش خەرج کردووە، لەوانە دووسایدی ڕێگای لالش، دەرگای دەروازەی لالش، پڕۆژەیەکی ئاو و نۆژەنکردنەوەی شوێنێکی کۆنی ناو پەرستگا لەسەر شێوازی خۆی .. دەزگای خێرخوازی بارزانیش پڕۆەیەکی ئەنجامداوە.
خالد نەرمۆ گوتیشی: بڕیارە نوژەنکردنەوەی پەرستگای لالش بەردەوام بێت، خزمەتگوزاری بەردەوامی بۆ دابین دەکرێت، بۆیە سەرۆکی حکوومەت داوای کرد ھەرچی پێویستە بکرێتە بەرنامە و بۆ ئێمەی ڕەوانە بکەن بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکرێت، بۆیە ماستەر پلانێک ھەیە کە لە ساڵی ٢٠١٢ بۆ نوژەنکردنەوەی لالش و گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ لالش دروستکرابوو، وەکو دروستکردنی پارکی ئۆتۆمبێل و پڕۆژەی ئاو وکارەبا.
نەرمۆ باسی لەوەش کرد: سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندی دا لەسەر دروستکردنی دووسایدی شێخان بۆ لالش کە ٩کم دەبێت، بڕیارە ئەویش بەم نزیکانە دروست بکرێت، ئەو ڕێگایە بۆ لالش زۆر گرنگە.