سەرۆکێ حکومەتا هەرێما کوردستانێ پێشوازی ل باڵیۆزێ بریتانیا ل عێراقێ کر
سهما:
ئەمڕۆ چوارشەممە ٥ ی حوزەیران، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە جەیمس گۆڵدمان، کونسولی گشتیی بەریتانیا لە هەرێم ئامادەی بوو، بیروڕا لەبارەی هەوڵەکانی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ ئاڵوگۆڕ کرا و سەردانی حەفتەی ڕابردووی سەرۆکی حکومەت بۆ بەغدا و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی فیدراڵ و لایەنە سیاسییەکان، بە هەنگاوێکی گرنگ دانرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەتایبەتی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم، بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنەکان و کارنامەی حکومەتی فیدراڵ.
هەروەها گفتوگۆ لەبارەی پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان و بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو لە ڕێگەی هێڵی ئاسنینی عێراقەوە بە تورکیا و وڵاتانی ئەوروپا کرا و جەخت لە پێویستيی بەشداربوون و تێپەڕینی بە هەرێمی کوردستان و سوودمەندبوونی هەموو پێکهاتە و ناوچەکانی عێراق لەم پرۆژە ستراتیژییەدا کرا.
تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان، پێويستیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو، لە کاتێکی گونجاوی ئەمساڵدا.
هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی چارەسەرکردنی هەموو کێشە و گرفت و ئاستەنگەکانی بەردەم هەڵبژاردن و بەشداربوونی هەموو لایەنەکان و پاراستنی مافی پێکهاتەکان.