ناڤەندا نووچەیان – سەما
مەسرور بارزانی، سەرۆکێ حکومەتا هەرێما کوردستانێ، ل ڕێورەسمێن ڤهكرنا پڕۆژەیێ هێلا ئێک یا ئاڤا هەولێرێ، بهحسێ هنارتنا مووچهيى کر و گۆت: دزانم خەڵکێ کوردستانێ، چاڤهڕێى وێ چهندێ دكهن كهنگى دێ عێراق مووچهيێ وان هنێرت، لهوا من دڤێت ب ڕاشکاوانه بۆ خەڵکێ کوردستانێ پاخڤم.
لەبارەی مووچە
مەسرور بارزانی گوتی: من دەزانم خەڵكی كوردستان چاوەڕێی ئەوە دەكەن مووچەكەیان كەی بۆیان دەنێردرێت لە عێراق؟ لێرەش حەز دەكەم تۆزێك بە ڕاشكاوی لەگەڵ خەڵكی كوردستان قسە بكەم. ئێمە كیانێكی فیدڕاڵین و هەرێمی كوردستان وەكوو كیانێكی فیدڕاڵی مافی خۆیەتی كە بودجەی تایبەت بە خۆی هەبێت، كەواتە لە بودجەی گشتیی عێراق، دەبووایە بەشی بودجەی هەرێمی كوردستان تەرخان بكرێت و دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێم و پەرلەمانی هەرێم و چاودێریی دارایی هەرێم و خەڵكی هەرێم ئەو وەختە بڕیار لەسەر چۆنیەتیی بەكارهێنانی بودجەی هەرێمی كوردستان بدەن.
گوتیشی: بەداخەوە هەر لایەنی ناوخۆیی لێرە سكاڵایان كرد و داوایان كرد كە بەغدا راستەوخۆ دەست وەربداتە ناو كاروباری دابەشكردنی بودجە و مووچەی هەرێم. لەوانەیە خۆشتان بیرتان بێت لە چەندین بۆنە باسیان لەوە دەكرد كە ئەگەر مووچە بگەڕێتەوە بۆ بەغدا، ئیتر كێشەی بێمووچەییمان نابێت و لە كاتی خۆی بە زیادەوە مووچە بۆ خەڵكی كوردستان دێت. ئەو وەختەش حكوومەتی هەرێمیان تاوانبار دەكرد و دەیانگوت حكوومەتی عێراق چارەسەر و فریادڕەسە، بەڵام خەتاكە هەمووی لە هەرێمە، ئێستا ئەو دەنگانە نازانم لە كوێن؟ بۆ بێدەنگن؟ ئێستاش ئەگەر قسەیەك بكەن، پاساو دێننەوە كە بۆ حكوومەتی عێراق ئێستا مووچە نانێرێت؟ كە بۆ سزای خەڵك دەدات؟ لە جیاتی ئەوەی بە خۆیاندا بچنەوە و داوای لێبووردن لە خەڵك بكەن، جارێكی تر دێن پاساو دێننەوە كە بۆ حكوومەتی عێراق مووچەی دواخستووە؟ هەر ئێمە ماینەوە وەكوو حكوومەتی هەرێم و وەكوو ئەو كەسانەی كە دڵسۆزن بۆ پرسەكانی خەڵكی كوردستان، جارێكی تر لەگەڵ بەغدا بكەوینە گفتوگۆ و بەردەوام بین لەوەی كە ڕێگەچارەیەك بۆ ئەم پرسە بدۆزینەوە.
شاندەکانی هەرێم بۆ بەغدا
لەوبارەوە سەرۆکی حکوومەت ڕوونی کردەوە، چەندین جار شاندی هەرێم سەردانی بەغدایان كرد و شاندی بەغدامان داوەت كرد كە بێن سەردانی ئێمە بكەن، لە ڕووی تەكنیكی و هونەری و یاسایی و بە هەموو جۆرێك، هیچ نەما قسەی لەسەر نەكرێت. هەموو جارێكیش بەڵێنمان لە حكوومەتی فیدڕاڵی وەردەگرت، كە بەڵێ كێشەكان چارەسەر بوون و ئیتر شتێك بە ناوی پرسی مووچە نامێنێت، بەڵام مانگێك دوو مانگی نەدەخایاند و دیسان بیانوویەكی نوێ مووچەكانی دوادەخستەوە. دیسان دەستمان دەكردەوە بە ناردنی شاند و گفتوگۆ، هەمیشەش بەڵێنی ئەوەمان پێ دەدرا كە ئێمە مووچەكان دەنێرین بەڵام كێشەیەكی فەنی هەیە، دواتر هەندێكجار خەتایان دەخستە سەر ملی هەرێمی كوردستان و گوایە ئێمە نەوت نانێرین یان داهاتی ناوخۆ رادەست ناكەین.
داهاتی ناوخۆ بەپێی دەستوور
مەسرور بارزانی باسی لەوەش کرد، تێگەیشتنی ئێمە بۆ ڕادەستكردنی داهاتی ناوخۆ بەپێی دەستوورە، دەستوور دەڵێ 50%ـی داهاتی فیدراڵی ڕادەستی حكوومەتی فیدراڵی بكرێتەوە، هەمیشە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پابەند بووە و ئەم ئەركەشی جێبەجێ كردووە. جگە لەو كاتانەی كە حكوومەتی فیدڕاڵ مووچەی نەناردووە، یان بە كەمی ناردوویەتی كە ئێمە ئەو وەختە ناچار بووین داهاتە ناوخۆییەكان بۆ تەكمیلەی مووچە بەكار بهێنین.
گوتیشی: دەڵێن نابێت ئێوە هیچ جۆرە داهاتێكتان هەبێت، هەر هیچ هیچ، هەرچی هەتانە رادەستمان بكەن، بۆ ئەوەی ئەم جۆرە پرۆژانەمان پێ جێبەجێ نەكرێت. بەڵام ئێمە دەستوورێكمان هەیە و مافی دەستووریمان هەیە. ئەوەی ئەركی ئێمەیە جێبەجێی دەكەین بە زیادەوە و كردووشمانە، لەمەودواش پابەندین بە جێبەجێكردنی هەر ئەركێكی دەستووری كە دەكەوێتە سەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام ئامادە نین واز لە مافە دەستوورییەكانی خۆمان بهێنین.
سەرۆکی حکوومەت دەشڵێت: ئێمە لەبەر ئەوە بەردەوام دەبین لەوەی كە ئەركەكانی خۆمان جێبەجێ بكەین و مافە دەستوورییەكانی خۆشمان بپارێزین. بەڵام لە هەمان كاتدا ئەوپەڕی مروونەتیشمان نیشان داوە لە زۆر شتدا و زیاتریش هاتووینەتە پێشەوە تەنیا بۆ ئەوەی خەڵك لەژێر ئەم فشاری مووچە و پاڵەپەستۆی مووچەدا نەمێنێت.
چوونی شاندی هاوبەشی پارتی و یەکێتی بۆ بەغدا
سەرۆکی حکوومەت لەوبارەوە ڕایگەیاند، شاندێكی هاوبەشی پارتی و یەكێتی چوونە بەغدا و لەسەر ئەو پێشنیارەی كە دواپێشنیار بەغدا كردی بەحیساب بۆ رادەستكردنی بەشێك لە نەوتەكە و ژمارەیەكی دیاریكراوی رادەستكردنی داهاتە ناوخۆییەكان كە بەحیساب ئەمە دوا بیانوویان بێت. شاندەكە لە بەغدا بوون هەر ئەو شەوە، بەڕێز كاك بافڵ و بەڕێز دكتۆر فوئاد حسێن، وەزیرە بەڕێزەكانی تر، تەلەفۆنیان بۆ كردم. گوتیان ئێمە لەسەر ئەم پێشنیارە گفتوگۆیەكی چڕمان لەگەڵ هەموو لایەنەكان كردووە و ئەمە پێشنیارەكەیە و لەمە زیاتر لەم مەرحەلەیە زەحمەتە و حەز دەكەین لەسەر ئەم ڕێككەوتنە تۆش رازی بیت و ئیتر بیانوو بە دەستی كەسەوە نەمێنێت و ئەم خەڵكەش لەژێر ئەم فشارە دەربێت. گوتم باشە بەسەرچاو، رازیم بەوەی كە 230 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی حكوومەتی فیدڕاڵی بكرێت و بە ڕێگەی سۆمۆ بفرۆشرێ و 120 ملیار دیناریش لە داهاتی نانەوتی یان داهاتی ناوخۆیی رادەستی حكوومەتی فیدڕاڵی بكرێت، بە حیساب سیستەمی تەوتینیش جێبەجێ بكرێت كە ئەمەش بەشێكە لەو ئەركەی حكوومەتی هەرێم لەمێژە جێبەجێی كردووە. بابەتی هەژماری من زۆر زۆر خزمەتگوزارییەكانی لە بابەتی تەوتین زیاترە و زیاتر لە 900 هەزار كەس ئێستا لەم پرۆژەیە بەشدارن.
پەلاماردانی كێڵگە نەوتییەكان بە درۆنی بۆمبڕێژکراو
مەسرور بارزانی لەدرێژەی وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو ئەركانەی كە لەسەر شانی ئێمە بوو، قەبووڵمان كرد، بەڵام ئەو كاتەش هاوكات بوو لەگەڵ پەلاماردانی كێڵگە نەوتییەكان بە ڕێگەی درۆنەوە، پێم گوتن، گوتم باشە بەڵام بەم هێرشەی كە دەكرێتە سەر كێڵگەكانمان، بەشی نەوت كەمتر دەبێت چونكە ئێستا كۆمپانیاكان هەموویان لێیان دراوە و ناتوانن ئەوەندە نەوت بەرهەم بهێنن، ئەی ئەمە چی لێ دێت؟ هیوادارم ئەمەش نەبێتە بیانوویەكی تر بۆ نەناردنی مووچە، گوتیان نا ئەمە تێگەیشتن هەیە و ئەكید ئەگەر ئێمە لەسەر بنەماكە پێكبێین ئیتر حكوومەتی فیدڕاڵی مووچە دەنێرێت. لەسەر ئەو ئەساسە ئێمە چاوەڕێ بووین. دوای ئەوەی كە ئێمە رەزامەند بووین لەسەر ڕێككەوتنەكە و واژۆشمان كرد لەسەر پێشنیازەكان لەسەر ئەو تێگەیشتنە، خاڵێكی تریان زیاد كردووە، بەهەرحاڵ ئەمەش بابەتێكە كە چاوەڕێین بزانین ئەوان چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەكەن. لەسەر ئەوەی كە 230 هەزار بەرمیلەكە تاوەكوو وەرنەگیرێت مووچە نادرێت، لە لایەكی تریشەوە ئەو تیرۆریستانە دێن كێڵگەكانمان دەتەقێننەوە و بەرهەمی نەوت ناهێڵن، ئێ چۆن دەكرێت؟ گوتیان شاندێك دەنێرین بۆ ئەوەی بێن مەیدانییەن بچن و ببینن چی كراوە؟.
ڕاشیگەیاند، شاندەكە وابزانم دوێنێ راپۆرتی خۆیان بەرز كردووەتەوە دیسان بۆ حكوومەتی فیدڕاڵی كە تەنیا ئێستا ئەوەندە نەوتە بەردەستە تاوەكوو ئاسەواری ئەم هێرشانە چارەسەر دەكرێ. هیوادارین رۆژێك بەرهەمهێنانی نەوت بگات بە ئاستێكی زۆر بەرز، ئەگەر كێشەی ئەمنی نەمێنێت، ئێمە هیچ كێشەمان نییە لە هەناردەكردنی هەموو نەوتی كوردستان، جگە لەو پێداویستییە ناوخۆییەی كە ئێمە پێویستیمان پێیەتی بۆ دابینكردنی بەنزینە، كارەبایە، سووتەمەنییە، پێداویستییەكانی خەڵكە. جگە لەوە، ئەوەی تر ئێمە ئامادەین بینێرین و هیچ كێشەمان لەگەڵ ئەو كێشەیە نییە.
چاوەڕێی بەغدا دەکرێت بۆ ناردنی مووچە
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لەو بارەوە گوتی: ئنجا بۆ ئەوەی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست بزانن، ئێمە ئێستا چاوەڕێی بەغدا دەكەین و هیوادارین ئیتر مووچەی ئەم خەڵكە بنێردرێ و ئەم سزادانە بەكۆمەڵە كۆتایی بێ و ئەم بڕیارە نادەستووری و نایاساییەی بڕینی مووچەی خەڵكی كوردستان كۆتایی بێ و مووچەی ئەم خەڵكە بنێرن.
