ئەڵمانیا پشت بەستنێ ب یاریزانهكێ ئێزدى دكهت
وشه:
جۆلیان ناگلیسمان، ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، خۆی بۆ پێكهاتەی كۆتایی هەڵژاردەكە یەكلا كردەوە و ئێستە خەریكی ئامادەكارین بۆ جامی نەتەوەكانی ئەورووپا، لە هێڵی هێرشبەریشدا، لەپێناو یاریزانێكی كورد، چەندان یاریزانی بەئەزموونی فەرامۆش كراوە.
دەنیز ئونداڤ، هێرشبەری یانەی شتودگارتی ئەڵمانی و یەكێك لە ئەستێرە هەڵكەوتووەكانی ئەو یانەیە كە ئەمساڵ پشتی زۆری پێ بەستووە و بەهۆی خۆی و تیمەكەیەوە توانییان پلەی دووەمی بوندسلیگا بەدەست بهێنن و بایرن میونشنیان كردە پلەی سێیەم، بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بانگ كراوە و دەبێتە یەكێك لە یاریزانانی تیمەكەی ناگلیسمان.
جامی نەتەوەكانی ئەورووپای 2024 كە بڕیارە ڕۆژی 16ی ئەم مانگە یەكەم یاری دەست پێ بكات، لە وڵاتی ئەڵمانیا دەكرێت، ئەمەش هەلێكی باشە تا ئەو هەڵبژاردەیە دوای كۆمەڵێ شكستی ئابڕووبەر بە بەراورد بە مێژووی مانشافت، بگەڕێنەوە ناو ڕیزی گەورەكان و تەنانەت خەون بەوەشەوە دەبینن جامەكە بەدەست بهێنن.
دەنیز ئونداڤ، یاریزانی تەمەن 28 ساڵ، لە نێوان هەڵبژاردەی توركیا و ئەڵمانیا، بڕیاری دا بە ناسنامەی ئەڵمانییەوە خۆی پیشانی جیهان بدات، چونكە دوای كوردبوون، هیچ ئینتیمایەكی بۆ توركیا نییە و خۆی لەو وڵاتە دەبینێتەوە كە تێیدا لەدایك بووە، بەڵام بە ڕەچەڵەك خەڵكی شاری ڕەحای باكوری كوردستانە.
ڕاهێنەری ئەڵمانیا، بە هەڵبژاردنی ئەم یاریزانە كوردە، كۆمەڵێك یاریزانی بە ئەزموونی فەرامۆش كرد، لەوانە جنابری ئەستێرەی یانەی بایرن میونشن و براندتی ئەستێرەی یانەی دۆرتمۆند كە چوونە یاریی كۆتایی خولی پاڵەوانییەتییەكانی ئەورووپا لەگەڵ ڕیال مەدرید، هەروەها گەنجانی وەكوو كەریم ئەدیمی و زۆر ناوی تری لە لیستەكەدا دوور خستەوە، بەڵام بڕوای تەواوی بە دەنیزە، چونكە جیا لەوەی پێشتر گۆڵكاری خولی بەلجیكی بووە، ئەمساڵ لەگەڵ یانەی شتودگارت، 18 گۆڵی كردووە و نۆ گۆڵیشی دروست كردووە.