وهلاتيێن باشیكێ ژ كێمييا ئاڤا ڤهخوارنێ دناڵن
كهركوك ناو:
خەڵكی باشیك دەناڵێنن بەدەست كەمی ئاوی خواردنەوە و زۆرینەی دانیشتووانی گەڕەكەكان ناچارن مانگانە دوو بۆ سێجار ئاو بكڕن، نیگەرانییەكانیان هاوكاتە لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما و پێویستی خەڵكەكە بە ئاوی زیاتر.
سەرچاوەی سەرەكی ئاوی خواردنەوەی باشیك و قەزای تلكێف و ناحیەی بەرتەڵە، لە پڕۆژەی ئاوی سەلامیە لە بەنداوی موسڵەوە دێت كە نزیكەی 60 كیلۆمەتر لە باشیكەوە دورە، ئاوی پڕۆژەكە بەشێوەی نۆبە دەدرێت بەو سێ شارە، لەو نێوەندەدا باشیك لە چوار بۆ پێنج رۆژ یەكجار ئاوی پڕۆژەكەی بەردەكەوێت.
“هەركاتێك هاوین دێت، توشی گرفتی كەمئاوی دەبین، 50 ساڵە ئەم گرفتە هەیە و چارەسەرنەكراوە، هەموو مانگێك دەبێت دوو تا سێجار ئاو بكڕم، بۆ هەر تانكەرێك 15 هەزار دینار… ناوچەكەیەكی دەوڵەمەندمان هەیە لەڕوی ئاوەوە، بەتایبەت بەهۆی بەنداوی موسڵ-ەوە بەڵام ئاومان پێناگات”، غەنیە جەلال، دانیشتوی گەڕەكی رەبیعە لە سەنتەری باشیك وایوت.
غەنیە جەلال لە 53 ساڵی تەمەنیدایە و مامۆستایە، دەڵێت لە چوار بۆ پێنج رۆژ، یەك جار ئاو بۆ گەڕەكەكەیان بەردەدرێتەوە، “لەگەڵ ئەم كێشەیە گەورەبوین… هەموو كەس دەزانێت هاوینان ئاوی زیاترمان پێویستە، بۆ موبەڕیدە، خواردنەوە و جلشتن و زۆر شتی تر، بەڵام ئەوەتا ئاو نییە… زۆر بێزاربوین، داوادەكەین چارەسەری بكەن”.
گرفتی گەورەی بەردەم پڕۆژەی سەلامییە، ئەوەیە 40 ساڵ لەمەوبەر دروستكراوە و تا دەگاتە باشیك زیادەڕۆیی كراوەتە سەری و ئەوەش وایكردووە ئاوی پڕۆژەكە بە باشی نەگاتە دانیشتووان.
ئیدارەی ناحیەی باشیك تەنیا لە ماوەیەكی كەمدا توانیویانە هەزار و 300 زیادەڕۆیی لەسەر پڕۆژەكە لاببەن، لە ئێستاشدا هەوڵدەدەن لەڕێی لێدانی سێ بیرەوە، گرفتی كەمی ئاو چارەسەر بكەن.
غەزوان داودی، بەرێوەبەری ناحیەی باشیك بە (كەركوك ناو)ی وت “پڕۆژەی ئاوی سەلامییە پێویستی بە نۆژەنكردنەوەیە، یان پێویستە رێڕەوی ئاوەكە بگۆڕین بۆ ئەوەی زیادەڕۆیی لەسەر پڕۆژەكە نەهێڵین، ئەوەش 50 ملیار دیناری دەوێت، گفتوگۆ كراوە بۆ نۆژەنكردنەوەی بەڵام هێشتا بڕیار نییە، چارەسەری تر ئەوەیە بیر لێبدەین، لە ماوەكانی رابردودا چوار بیرمان لێداوە بۆ چوار گوندی سنورەكە و چارەسەرمان بۆ كردن، بەڵام ناوەندی شار هێشتا چارەسەر نەبووە”.
“ئێمە ناتوانین لەسەدا 100 كێشەكە چارەسەر بكەین، بۆ ناو شار مۆڵەتی لێدانی بیری ترمان وەرگرتووە و لەم رۆژانە دەستپێدەكەین”.
باشیك سهر به قهزای ناوهندی موسڵه و 52 گوند له خۆدهگرێت، دانیشتووانەكەی بەپێی ئیدارەی ناحییەكە 150 بۆ 160 هەزار كەسن و له شهبهك، كریستیان، ئێزیدی، كورد و عهرهب پێكدێن، لهڕوی ژمارهی دانیشتوانهوه به دووهم گهورهترین ناحییهی نهینهوا دادهنرێت.
زەید سالم عەبۆ، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی باشیك بە (كەركوك ناو)ی وت “بەڵێ راستە، چوار رۆژ جارێك ئینجا یەكجار پڕۆژەی ئاوی سەلامییە بە ئێمە دەگات، كاتێك ئاو بە ئێمە دەگات بەشێوەیەكی دادپەروەر بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشی دەكەین… لە مانگی داهاتودا سێ بیری تر لێدەدەین و بەشێكی تری ئەو گرفتە چارەسەر دەكەین”.