سەما تیڤی

راگه‌هاندنه‌ك ژ په‌يڤدارێ پارتی دیموکراتی کوردستان

راگه‌هاندنه‌ك ژ په‌يڤدارێ پارتی دیموکراتی کوردستان

سه‌ما
وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بە دیاریکردنی ڕۆژی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیتی:

جەماوەری خۆشەویستی کوردستان

لە ساڵی ٢٠٢٢ پارتیمان زۆر ھەوڵی دا کە پێش تەواوبوونی وادەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان ڕێکارەکانی پێویست بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەست پێبکرێت، بەڵام بەداخەوە زۆر ئاستەنگ دروستکران، کە ئەو ئاستەنگانە بە زیانی پڕۆسەی سیاسی و یاسایی بۆ ھەرێمی کوردستان شکانەوە و ڕەنگدانەوەی خراپیان بەرامبەر دەسەڵات و مافەکانی ھەرێمی کوردستان بەدوای خۆدا ھێنا، لە دوای ئەوەش ھەوڵماندا ئەو پێشنیارانەی ھەبوون، بۆ پەرلەمانی ھەڵبژێردراو جێبێڵین بۆ چارەسەرکردنیان بە شێوەیەکی یاسایی کە ئەمەش ڕێگری لێکرا.

بۆیە لە ١٨ی٣ی٢٠٢٤ پارتیمان ھەڵوێستی خۆی بۆ جەماوەری تێکۆشەری کوردستان ڕاگەیاند لەگەڵ دیاریکردن و ئاماژەدان بەو کەموکوڕتی و نا دادپەروەریانەی کە ھەبوون چ لە مافی پێکھاتەکان ھەتا کێشەی پەنجەمۆر و ھەوڵی بێبەشکردنی سەدان ھەزار کەس لە دەنگدان، ئەمانە و چەندین بابەتی دیکەی پەیوەندار بە رێکارەکانی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەوە، کە دوای ئەم ھەڵوێستەی پارتیمان بەشێک لەو تێبینی و کەموکوڕیانە چارەسەرکران و بەشێکیشیان لە چارەسەرکردن دان، ھەرچەندە ھەموو چارەسەریەکان لەسەدا سەد نەبوون بەڵام بەشێک لە مافەکان بۆ پێکھاتەکانی کوردستان گەڕایەوە و، بابەتەکانی دیکەش بەشێکی باشیان چارەسەرکراون، بۆیە دوای ڕاگەیاندنی وادەی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن بەڕێز سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پارتیمان دەست دەکات بە ئامادەکارییەکان بۆ پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمان، ھیوادارین ھەڵبژاردنێکی دیموکراسیانە و پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت کە ئاکامەکەی لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان دابێت.

مەحموود محەممەد
وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٦-٦-٢٠٢٤

><