سەما تیڤی

ناڤه‌ڕۆكا گۆتارا سه‌رۆكێ حكومه‌تا هه‌رێما كوردستانێ ل ده‌ما ڤه‌كرنا دو پاركان ل دهۆكێ

ناڤه‌ڕۆكا گۆتارا سه‌رۆكێ حكومه‌تا هه‌رێما كوردستانێ ل ده‌ما ڤه‌كرنا دو پاركان ل دهۆكێ

دهۆک-KDP.info-

ئەمڕۆ دووشەممە 3/6/2024، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەردی بناغەی هەردوو پارکی ئالۆکا و سەرهەڵدان (بەرۆشکێ)ی لە دهۆك دانا.

لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی هەردوو پاركدا، سەرۆكی حكوومەت وتارێكی پێشكەش كرد و ڕاگەیاند: “من زۆر خۆشحاڵم كە جارێكی دیكەش ئێمە لێرە لە دهۆكین بۆ دانانی بەردی بناغەی چەند پرۆژەیەك، لەوانیش هەردوو پاركی ئالۆكا و بەرۆشكێ.”

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەش دا: “ئەم دوو پاركەی ناو دهۆك چەندین خزمەتگوزاریی گرنگ لەخۆ دەگرن و خزمەتێكی باش دەگەیەننە دانیشتوانی دهۆك، چونكە ڕووبەری ئەم پاركانە زۆر فراوانە، هیوادارم ئەم پاركانە ببنە جێیەكی باش بۆ بەسەربردنی كاتێكی خۆش. هەروەها بە تەواوبوونی ئەم پاركانە، دیمەنێكی دڵگیرتر بداتە دهۆكی رەنگین و كاریگەری لەسەر هەوای ناودهۆك هەبێت.”

دەقی وتاری مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان:

بە ناوی خوای گەورە و دلۆڤان

ئامادەبوانی هێژا

من زۆر خۆشحاڵم كە جارێكی دیكەش ئێمە لێرە لە دهۆكین بۆ دانانی بەردی بناغەی چەند پرۆژەیەك، لەوانیش هەردوو پاركی ئالۆكا و بەرۆشكێ. پێش چەند ڕۆژێكیش ئێمە لە دەڤەری سۆران بووین بۆ دانانی بەردی بناغە بۆ دوو پاركی گرنگ. ئەمەش نیشانەی پێداگریی ئێمەیە بۆ جوانكردن و تەندروستكردنی شارەكانمان.

ئەم دوو پاركەی ناو دهۆك چەندین خزمەتگوزاریی گرنگ لەخۆ دەگرن و خزمەتێكی باش دەگەیەننە دانیشتوانی دهۆك، چونكە ڕووبەری ئەم پاركانە زۆر فراوانە، هیوادارم ئەم پاركانە ببنە جێیەكی باش بۆ بەسەربردنی كاتێكی خۆش. هەروەها بە تەواوبوونی ئەم پاركانە، دیمەنێكی دڵگیرتر بداتە دهۆكی رەنگین و كاریگەری لەسەر هەوای ناودهۆك هەبێت.

مخابن لە ڕووی سەوزاییدا هەرێمی كوردستان هێشتا لە ئاستی پێوەر و ستانداردی جیهانیدا نییە، هەرچەندە پارێزگای دهۆك لەم ڕووەوە لە دەڤەرەكانی دیكە باشترە، بەڵام پێویستە گرنگییەكی زۆر زیاتر بۆ زیادكردنی سەوزایی لە هەرێمی كوردستان بە گشتی بدەین.

كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕێنمایی پێویستی دەرخستووە بۆ زیادكردنی رووبەری سەوزایی و چاندنی داروبار لە كاتی ئەنجامدانی پرۆژە بە تایبەتی لە شوێنەكانی نیشتەجێبوون.

دوای دوو رۆژی دی، رۆژی جیهانیی ژینگەیە، لەم كاتەدا من بە دەرفەتی دەزانم كە داكۆكی لە پێداگریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەم بۆ بابەتی ژینگەپارێزی، كە پێویستە نەك بە تەنیا ئەركی حكوومەت بێت، بەڵكوو پێویستە خەمی ئێمە و هەموو هاووڵاتیان بێت.

خوای مەزن سروشت و ژینگەیەكی جوانی بە ئێمە داوە، پێویستە بیپارێزین و بە پاكژی رایبگرین. وابكەین كە نەوەكانی داهاتووش سوودی لێ وەربگرن. ئێمە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی توانای خۆمان هەندێك هەنگاومان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی گەرمبوونی زەوی و گۆڕانی كەشوهەوا ناوە. بەپێی لێكدانەوەی زانا و پسپۆڕانی ئەم بوارە، دەڤەری ئێمە یەكێكە لەو دەڤەرانەی كە بە دژواری دەكەوێتە ژێر كاریگەریی گۆڕانكاریی كەشوهەوا، بۆیە ئێمە دەستمان بە هەندێك گۆڕانكاری و ئامادەكاریی پێشوەختە كردووە تاوەكوو بەرەنگاری كاریگەرییە نەرێنییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا ببینەوە. بۆ نموونە هەوڵدان بۆ كۆنتڕۆڵكردن و بەكارهێنانی ئەو گازەی لە بیرە نەوتەكانەوە دەردەچن، دروستكردنی چەند پرد و بەنداو و كاركردن بۆ ژیاندنەوەی دارستانەكانی كوردستان، بەڵام پێویستە هەنگاوی زیاتر بنێین، لە هەموویشی گرنگتر ئەوەیە كە فەرهەنگ و كولتووری ژینگەپارێزی لەنێو گەلی خۆمان بەهێز بكەین. بۆ ئەمەش ڕۆڵی ڕاگەیاندن و پەروەردە و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و بە تایبەتیش ڕۆڵی خێزان و خانەوادە گرنگە.

لێرەدا بە پێویستی دەزانم كە حكوومەتی فیدڕاڵی لەم ڕووەوە هاریكار و هاوكار بێت تاوەكوو پێكەوە ڕووبەڕووی كاریگەری و مەترسییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا ببینەوە.

بەڕێزان

هەمووتان ئاگادارن هەفتەی رابردوو ئێمە سەردانی بەغدامان كرد، لەگەڵ بەڕێز سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ و بەرپرسانی دیكەی حكوومەت و سەرۆك و بەرپرسانی دیكەی هێز و لایەنە سیاسییەكانی عێراق كۆبووینەوە. دانوستانمان بە شێوەیەكی زۆر ئاشكرا و ڕوون كرد بۆ چارەسەركردنی بنەڕەتیی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵ لەو كێشانەی تاوەكوو ئێستا ماون. لەوێش من بۆ لایەنە سیاسی و بەرپرسەكانی حكوومەتی فیدڕاڵم ڕوون كردەوە كە جێی دڵتەنگییە كە تاوەكوو ئێستاش ئێمە دانوستاندن لەسەر بابەتی مووچە و هەندێك قەیرانانە دەكەین كە هێشتا لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵیدا ماون. پێویستە ئەم مافانە مافێكی سرووشتی بن و نەبنە هەواڵی راگەیاندنەكان، بەڵام خۆزگە لەجێی ئەوە ئێمە بەرنامەمان دابنایە بۆ چۆنیەتیی پێشخستنی عێراق و هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی باشتر كە ركابەری لەگەڵ وڵاتانی كەنداو و وڵاتانی دیكەی جیهان بكەین بەوەی چۆن دەتوانین وڵاتی خۆمان لە هەموو بوارێكدا بەرەو پێشتر ببەین. وڵاتی ئێمە وڵاتێكی دەوڵەمەندە، سامانی مرۆیی و سرووشتی و ماددیی ئێمە گەلێك زۆرن، تەنیا ئیدارەیەكی باشترمان دەوێت بۆ ئەوەی بتوانین بگەینە ئاستی وڵاتانی پێشكەوتوو.

><