نێزیکی ملیۆنهك ئاوارە و پەنابەر ل هەرێما کوردستانێ هەنه
كوردستان 24
نزیکەی یەک ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان هەن، لەو ژمارەیە 269 هەزار و 293ـیان پەنابەرن و لە وڵاتانی دیکەوە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە. حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ساڵانە 842 ملیۆن دۆلار بۆ دابینکردنی خزمەتگووزاری بۆ ئاوارە و پەنابەران تەرخان دەکات.
بوونی ئاسایش و ئارامییەکی پتەو لە هەرێمی کوردستان، وایکردووە خەڵکی وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی دیکەش لە کاتی جەنگ و مەترسی لەسەر ژیانیان وەک پەنابەر ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن. کەلتووری مرۆڤدۆستی و میواندۆستی کوردستانییان وایکردووە پەنابەران، هەرێمی کوردستان وەک پەناگەیەکی ئارام ببینن و هەست بە پارێزراوی بکەن.
لە هەرێمی کوردستان 900 هەزار و 467 ئاوارە و پەنابەر لە نێو و دەرەوەی کەمپەکان دەژین. لەو ژمارەیە، 269 هەزار و 293 یان پەنابەرن و لە وڵاتانی دیکەوە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە. لەوانەش 251 هەزار و 475 پەنابەری سوورین، 7 هەزار و 796 پەنابەری تورکی، 8 هەزار و 357 پەنابەر ئێرانی و و 652 پەنابەریش فەڵەستینین. جیا لەوەش 10 هەزار و 13 پەنابەری وڵاتانی دیکەی جیاواز هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.
لە ساڵی 2023، دوو هەزار و 97 پەنابەر گەڕاونەتەوە وڵاتەکانیان، لە کاتێکدا سێ هەزار و 389 پەنابەر هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.
حکوومەتی هەرێمی کورستان هەمیشە دەرگاکانی بۆ پێشوازیکردن لە پەنابەران واڵابووە و خزمەتگوزاری جۆراو جۆری پێشکەشکردوون، بە جۆرێک لەسەدا 80ی خەرجی ئاوارە و پەنابەران لەسەر شانی حکوومەتی هەرێمە، کە دەکاتە نزیکەی 842 ملیۆن دۆلاری ساڵانە.
لە پێناو دەستەبەرکردنی دەرفەتی خوێندن حکوومەتی هەرێمی کوردستان، 53 قوتابخانەی بۆ پەنابەران تەرخان کردووە. ژمارەی قوتابییە ئاوارە و پەنابەرەکان لە هەرێمی کوردستان 40 هەزار و 410 قوتابییە.