سەما تیڤی

کومسیۆن: سوبەهی دووماهی ژڤانە بۆ خۆ تۆمارکرنێ د بایۆمەتری دا

کومسیۆن: سوبەهی دووماهی ژڤانە بۆ خۆ تۆمارکرنێ د بایۆمەتری دا

بەغدا-KDP.info-

وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێ، دوای ئەوەی لەماوەی ڕابردوو جارێکی دیکە دەرگای خۆتۆمارکردن بۆ ھاووڵاتیان کرایەوە، سبەی دوایین وادەیە بۆ خۆتۆمارکردن و پڕۆسەکە کۆتایی پێدێت.

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: سەرجەم دەنگدەرانی ھەرێمی کوردستان ئاگادار دەکەینەوە ئەوانەی تاوەکو ئێستا خۆیان تۆمار نەکردووە یاخود گرفتیان لە پەنجەمۆر ھەبوو نەیدەخوێندەووە یاخود لە دایکبووی ٢٠٠٦ن و تاوەکو ئێستا خۆی تۆمار نەکردبوو سبەی دوایین وادەیە بۆ خۆتۆمارکردن و لە دوای ئەو وادەیە کۆتایی بە پڕۆسەی تۆماری بایۆمەتری دێت و ناتوانن دواتر خۆیان تۆمار بکەن، بۆیە لە ھەرێمی کوردستان ١٧٣ بنکە ھەیە و دەتوانن لە ماوەی ئەم دوو ڕۆژە سەردانی نزیکترین بنکە بکەن و خۆیان تۆمار بکەن.

جومانە غەلای گوتیشی: لەمساڵدا ئەوانەی خۆیان تۆمار کردووە لە ھەرێمی کوردستان لە پارێزگای ھەولێر ٦٠ ھەزار و ٨٥ کەسە و لە دھۆک ٢٥ ھەزار و ٧٩٧ کەسە و لە سلێمانی ٣٦ ھەزار و ١٧٧ کەسە و کۆی گشتی ئەوانەی خۆیان تۆمارکردووە لەمساڵدا ١٢٢ ھەزار و ٥٩ کەسە و کۆی گشتی ژمارەی دەنگدەران لە ھەرێمی کوردستان ٣ ملیۆن و ٧٨٩ ھەزار و ٣٦٠ دەنگدەرە.

ناوبراو دەشڵێت: ژمارەی ئەو کارتانەی تاوەکو ئێستا دابەشکراون ژمارەیان ٣٢٢ ھەزار و ٦٨٦ کارتە، بەجۆرێک لە ھەولێر ١١١ ھەزار و ٣٠٨ کارت و لە دھۆک ٨٤ ھەزار و ٨٨ کارت و لە سلێمانی ١٢٧ ھەزار و ٢٩٠ کارت و ئەو کارتانەی لە بنکەکانی دەنگدان ماون ژمارەیان ٦٦٦ ھەزار و ٢٢٦ کارتە لە ھەولێر ٢٥٤ ھەزار و ٢٦٥ کارت و لە دھۆک ١٣٢ ھەزار و ٩٣٣ کارت و لە سلێمانی ٢٧٩ ھەزار و ٢٨ کارتە، بۆیە داواکارین لەو ھاووڵاتیانەی ناوی خۆیان تۆمار کردووە و کارتیان گەڕاوەتەوە سەردانی بنکەکانی دەنگدان بکەن بۆ وەرگرتنی کارتی دەنگدانیان بۆ ئەوەی بتوانن لەکاتی ھەڵبژاردن دەنگی خۆیان بدەن و بێ بەش نەبن لە دەنگدان.

><