سەما تیڤی

جڤاتا وەزیرێن هەرێما کوردستانێ بۆ مووچەخۆران: خۆ ل پرۆژێ “هەژمارا من” تۆمار بکەن

جڤاتا وەزیرێن هەرێما کوردستانێ بۆ مووچەخۆران: خۆ ل پرۆژێ “هەژمارا من” تۆمار بکەن

سه‌ما

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوا لە مووچەخۆران دەکات ئەوانەی تا ئێستە پرۆسەی بەبانکیکردنیان لە چوارچێوەی پرۆژەی “هەژماری من” تەواو نەکردووە، لە نزیکترین کاتدا، خۆیان تۆمار بکەن.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، بەڕێز ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا، بابەتی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدراڵ خستەڕوو، ئەمەش بە پێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ژمارە 9ی ساڵی 2014 کارپێکراو لە بەغدا کە یاسای ژمارە 27 ی ساڵی 2006 ی هەڵوەشاندووەتەوە، هەروەک لە بڕیاری دادگای فیدراڵی هاتووە و لە ڕاپۆرتی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری داراییش پێشنیار کراوە کە لە هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، کار بە یاسای ژمارە 9 ی ساڵی 2014 بکرێت بە ئاراستەی یەکسانيی لە مووچە و ئیمتیازات و شایستەی دارایی خانەنشینان کە ژمارەیان لە هەرێمی کوردستان 277 هەزار و 541 کەسن و خەرجی کۆی مووچەی مانگانەی ئێستایان 122 ملیار دینارە.

دواتریش هەریەک لە بەڕێزان ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون ڕوونکردنەوەی پێویستیان خستەڕوو.

سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران وردەکاریی جیاوازییەکانی نێوان هەردوو یاسای خانەنشینی کارپێکراو لە هەرێم ژمارە 27ی ساڵی 2006 و یاسای خانەنشینی یەکگرتووی فیدڕاڵ ژمارە 9 ی ساڵی 2014 ی خستەڕوو، ئاماژەی بەوە دا کە بە شێوەیەکی گشتی جێبەجێکردنی یاسای ساڵی 2014 لە بەرژەوەندی خانەنشینانی هەرێمە کە مووچە و شایستەکانیان هاوتا دەکات لەگەڵ هاوەڵەکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵ بە تایبەتیش کە ئێستا لە هەرێم کەمترین بڕی مووچەی خانەنشینی 220 هەزار دینارە، لە کاتێکدا کەمترین مووچە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق 500 هەزار دینارە، ئەمە جگە لە دەرماڵەی بژێویی کە بڕەکەی 100 هەزار دینارە و مانگانە بۆ خانەنشینانی عێراق خەرج دەکرێت، سەرەڕای وەرگرتنی پاداشتی کۆتایی خزمەت لە حکومەتی فیدڕاڵ لەسەر بنەمای کۆی دوا مووچە و دەڕماڵە نەک تەنیا مووچەی بنەڕەتی.

هەروەها ئاماژەشی بەوە دا کە سەرەڕای ئەمانە، بە جێبەجێکردنی یاسای ساڵی 2014 ، سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بە یەک یاسا و مەرج و پێوەر، خانەنشین دەکرێن و یەک دامەزراوەش بە ناوی دەستەی خانەنشینی نیشتیمانی، تایبەتمەند دەبێت بە خانەنشینی لە سەرجەم بوارەکانی وەزیفەی گشتی (شارستانی و سەربازیی و پێشمەرگایەتیی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ) کە ئێستا بە گوێرەی یاسای ساڵی 2006 هەر یەک لەم پۆستانە یاسای خانەنشینی تایبەت بە خۆیان هەیە.

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری پەسەندکردنی پێشنیاری وەزارەتی دارایی و ئابووری و تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ و هەرێمی دا بە یەکخستنی یاسای خانەنشینی لەسەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە لە پێناوی بەرژەوەندی خانەنشینانی هەرێم و هاوتاکردنی مووچەکانیان لەگەڵ هاوەڵەکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵ، وەزارەتی دارایی وئابووری و دیوان و سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران ڕاسپێردران بۆ ڕێکاری یاسایی پێویست بگرنەبەر و لە گەڵ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ لە پەیوەندیدا بن بۆ ئەم مەبەستە و لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمیش، وەزارەتی دارایی وئابووری بەردەوام بێت لە هەنگاوەکانی ئامادەسازیی ڕێکخستنەوەی کەرتی خانەنشینی لە چوارچێوەی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی فیدڕاڵیی ژمارە 9 ی ساڵی 2014.پاشان گفتوگۆ لەبارەی بابەتی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێم و مووچەی مانگی پێنج و شەشی پێشمەرگە و ئاسایش و دوا پێشهاتی وردبینی و پێداچوونەوەی لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە لەلایەن تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ کرا، ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە پێویستە وەزارەتەکان بەردەوام بن لە ناردنی لیستی مووچە و تەرازووی پێداچونەوەی مانگانە لە 10 ڕۆژی یەکەمی هەموو مانگێک تاکوو هیچ بیانوویەک نەمێنێت کە ببێتە هۆی دواخستنی مووچەی مانگانەی مووچەخۆران و دووپاتیشی کردەوە کە بەردەوام بن لە ئاسانکاریکردن بۆ تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی.

بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ، پێشوازیمان لە ڕوونکردنەوەی سەرۆکی دادگای فیدراڵی كرد تایبەت بەوەی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە بانکی حکومیی و هەموو ئەو بانکانەش کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراق ڕێگەپێدراون و لە هەرێم کار دەکەن و لە چوارچێوەی پرۆژەی ( هەژماری من) لە هەرێمی کوردستان لەژێر چاودێریی و ڕێنمایی بانکی ناوەندی پرۆسەی بەبانکیکردنی پێدانی مووچەی هەرێم جێبەجێ دەکەن، بەم شێوەیەش مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش، هاوشێوەی مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، ئازادن لە بەبانکیکردنی مووچەکانیان لە بانکە حکومی و تایبەتەکان کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە ڕێگەپێدراو بن .

ئەنجومەنی وەزیران داوا لە مووچەخۆران دەکات ئەوانەی تا ئێستا پرۆسەی بەبانکیکردنیان لە چوارچێوەی پرۆژەی ( هەژماری من) تەواو نەکردووە، لە نزیکترین کاتدا، خۆیان تۆمار بکەن بۆ ئەوەی تاکۆتایی ئەمساڵ وەک بڕیارە تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تۆمار بکرێن.

><