مەسرور بارزانی: بۆ چارهسهركرنا کێشەيا مووچەى ل گەڵ سەرۆکوەزیرێن عێراقێ د پەیوەندیێ داین
کوردستان24
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانمەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانکوردستان مەسرور بارزانی حکوومەتی هەرێمی کورسدتان کابینەی نۆیەم
سەرۆکوەزیرانی مەسرور بارزانی دەڵێت، لەبارەی چارەکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی “گەیشتووینەتە قۆناغی کۆتایی”. ئاماژە بەوەش دەدات، “هیوادارین پێش جەژن، تەواوی مووچەی مانگی چواری هێزە ئەمنییەکان دابین بکرێت”.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 09-06-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی گوتارەکەیدا لە رێوڕەسمی کردنەوەی سەنتەری “ئیگڵ پۆست”، باسی لە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و مووچەی فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانی کرد.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “ئێمە بەردەوام لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی حكوومەتی فیدراڵ لە پەیوەندیدا بووین و گەیشتووینەتە قۆناغی كۆتایی، هیوادارم كە ئێمە توانیبێتمان لە خزمەتی ئێوەی خۆشەویستدا كارێكی وا بكەین بابەتی بودجە و مووچە بە شێوەیەكی بنەڕەتی چارە بكرێت”.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد: “هیوادارین لە ماوەیەكی نزیك لە پێش جەژن، تەواوی مووچەی مانگی چواری هێزە ئەمنییەكان و هی مانگی پێنجیش بۆ هەموو هاووڵاتیان دابین بكرێت. هیوادارم چیتر بابەتی مووچە نەبێتە هەواڵ و نووچەی میدیاكان و ئێمە بتوانین پەیوەندییەكانی خۆمان لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵی بخەینە ئاستێكی دروست و بەرەو پەیوەندیی باشتریش هەنگاو بنێین”.
سەرۆکوەزیرانی گوتیشی: “جارێكی تر لێرەوە سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی هاووڵاتیان و بە تایبەتی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بكەم، كە پاڵپشت و پشتیوان و پشوودرێژ و خۆڕاگر بوون بەرامبەر ئەو پیلانەی هەندێك كەس و لایەن، بۆ مەرامی تایبەتیی خۆیان ویستیان قەوارەی هەرێمی كوردستان بەوە لاواز بكەن كە داوای ئەوە بكەن كە مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان دابەش بكرێتە سەر پارێزگاكان”.
ئەمە لە کاتێکدایە وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی نیسان و بەشێکی مانگی ئایاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی ناردووە، بەڵام زیاتر لە دوو مانگە مووچەی هەردوو مانگی نیسان و ئایاری وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانی خەرج نەکردووە.
ڕۆژی پێنجشەممە، 06-06-2024، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، “پێش جەژنی قوربان، مووچەی هێزە ئەمنییەکان و سەرجەم فەرمانبەران دابەش دەکرێت و لەبارەی کێشەی هێزە ئەمنییەکان چارەی کۆتایی نزیکە”.
وا بڕیاریشە ئەم هەفتەیە شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەکردنی ڕیشەیی کێشەی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ شاندێکی وەزارەتی دارایی عێراق کۆ ببێتەوە.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی، هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.